بەرگریی ئاسمانی کوەیت چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنی تێکشکاند

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، وڵاتی کوەیت ڕایگەیاند؛ بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی رووبەڕووی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنی دوژمنکارانە بوونەتەوە و تێکیان شکاندوون.

سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە: "ئێستا هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی کوەیت خەریکی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکان و درۆنە  دوژمنکارانەکانن."

سەبارەت بە دەنگی تەقینەوەکانیش، سوپای کوەیت روونکردنەوەی داوە، "ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە ناوچە جیاوازەکان دەبیسترێن، دەرەنجامی کارکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە بۆ تێکشکاندنی هێرشەکان." هەروەها داوای لە هاووڵاتیان کردووە، پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و هێمنیی خۆیان بپارێزن.

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت رایگەیاند؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکێک لە درۆنەکان تانکییەکی سووتەمەنی لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە ئاگرکەوتووەتەوە.

عەبدوڵڵا ڕاجحی، گوتەبێژی فەرمی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئاماژەی بەوە کرد: "بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان، زیانەکان تەنیا ماددین و هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە." دوپاتیشی کردەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە.