ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر تاران و ئێران بە مووشەک وەڵام دەداتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتنە قۆناخێکی مەترسیدار، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دەستیپێکردنی شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پایتەختی ئێران راگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا لە تێلێگرام بڵاویکردەوە: "هێزەکانمان دەستیان کردووە بە وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە ژێرخانە دەسەڵاتی ئێران لە سەرانسەری تاران." ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کەمێک دوای ئەوە هات ئێران کۆمەڵە مووشەکێکی بەرفراوانی ئاراستەی ناو خاکی ئیسرائیل کردبوو.
هاوکات، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە تاران، ئیسفەهان، دەوروبەری فڕۆکەخانەی شیراز و چەند ناوچەیەکی جیاوازی شاری ئەهواز بیستراوە.
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل زەنگی مەترسی لێدا و هۆشداریی دا لە هەڵدانی ژمارەیەکی زۆر مووشەک لەلایەن ئێرانەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە چالاک کراوە. لە یەکەم کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆشدا، ئیسرائیل جارێکی دیکە هۆشداریی لە دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی مووشەکبارانی ئێران دا.
ئێڤی دیفرین، گوتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە ئێران و لوبنان بەگوێرەی پلانێکی داڕێژراو بەردەوام دەبن و هیچ دانوستانێک کاریگەری لەسەر جووڵەکانمان نابێت."
گوتەبێژەکە جەختیشی کردەوە، ئامانجیان "قووڵکردنەوەی زیانەکان و لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەیە کە لەسەر بوونی ئیسرائیل دروست بوون،" و گوتیشی: "ئێمە لە ئێستا و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە لێدانی ئامانجەکانمان لە هەردوو وڵاتی ئێران و لوبنان."