ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر بەیروت چڕ دەکاتەوە

دۆخی لوبنان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت و ئیسرائیلیش هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر جەرگەی بەیروت و باشووری وڵاتەکە زیاد کردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی 7 گەڕەکی "زاحیەی باشوور" لە بەیروت کرد، کە بە مۆڵگەی سەرەکی حزبوڵا دادەنرێت، و داوای لێکردن دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا بەهێزتر دەکەن و ئامانجیان زیان گەیاندن بە مەدەنییەکان نییە.

هاوکات لە باشووری لوبنان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل قوربانیی لێکەوتەوە. وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند؛ لە ئەنجامی بۆردومانکردنی شارۆچکەی "حەبوش"، 3 کەس کوژراون و 18ـی دیکەش بریندار بوون. هەروەها ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی دوو هێرشی دیکە بۆ سەر شارۆچکەی "عەدلۆن و کەمپی میە و میە" بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان لە نزیک سەیدا، لانیکەم 6 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.

لە پێشهاتێکی سیاسی چاوەڕواننەکراودا، حکوومەتی لوبنان بڕیاریدا متمانە لە "محەممەد رەزا شەیبانی"، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئێران لە بەیروت بکێشێتەوە و وەک "کەسی نەخوازراو" دەستنیشانی کرد. لوبنان تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو مۆڵەتی داوە بە شەیبانی بۆ ئەوەی خاکی وڵاتەکە جێبهێڵێت.

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ پێشێلکردنی عورفە دیپلۆماسییەکان لەلایەن تارانەوە گەڕاندەوە. هەروەها لوبنان باڵیۆزی خۆی لە تاران ئەحمەد سویدان بۆ راوێژ و وەک ناڕەزایەتییەک بانگهێشت کردەوە.

جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، پێشوازی لە بڕیارەکەی لوبنان بۆ دەرکردنی باڵیۆزی ئێران کرد و بە هەنگاوێکی رەوا و پێویست وەسفی کرد. ساعر گوتی: "ئەمە هەڵوێستێکی دروستە بەرامبەر بەو دەوڵەتەی بەرپرسە لە پێشێلکردنی سەروەری لوبنان لە رێگەی حزبوڵڵاوە"، هەروەها داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد هەنگاوی کردەیی زیاتر دژی حزبوڵڵا بگرێتەبەر.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان وەک (کەفرا، عەربسالیم، و کەفردونین) بەردەوام لەژێر بۆردومانی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدان.