تەسنیم: ئەمریکا هێرشە زەمینییەکانی دەستپێبکات، جەنگ دەگوازرێتەوە بۆ گەرووی باب ئەلمەندەب
سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی یان دەریایی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی، دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەی نوێی جەنگ و گواستنەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ گەرووی ستراتیژیی "باب ئەلمەندەب".
چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی باڵاوە بڵاوی کردەوە، تاران لەو پەڕی ئامادەباشیدایە بۆ فراوانکردنی ئاستی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل پەنا بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی یان هێرشی دەإریایی ببەن، ئێران چەندین بەرەی نوێی جەنگ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە کە دەبنە هەڕەشەی جددی بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.
ئەم سەرچاوە سەربازییە پەیامێکی راستەوخۆی ئاراستەی واشنتن کرد و گوتی: "پێویستە ئەمریکا بزانێت کە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورمز رەنگە تەنیا سەرەتایەک بێت، چونکە هەر فشارێکی زیاتر دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی تری دەریاوانیی گەورە لە گەرووی باب ئەلمەندەب لە دەریای سوور."
ئەم هەڕەشە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە واشنتن و تەلئەڤیڤ باس لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکەن بۆ ئێران، بە مەبەستی تێکشکاندنی تواناکانی ئەو وڵاتە.