ئیبراهیم زولفەقاری: دۆخی گەرووی هورمز گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و ناگەڕێتەوە دۆخی جاران
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، رایگەیاند: دۆخی گەرووی هورمز گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە و ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران، جەختیشی کردەوە کە تاران یاسا و رێسای نوێی بۆ هاتوچۆی دەریاوانی لەو گەرووە ستراتیژییەدا داناوە.
چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: ئیرادەی تاران سروشتی رووداوەکانی داهاتوو دیاری دەکات.
زولفەقاری ئاماژەی بەوە کرد، کە یاساکانی تێپەڕبوون و دەریاوانی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی توند داڕێژراونەتەوە، بە جۆرێک کە تێپەڕبوونی هێزە ئەمریکییەکان و هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بەوانەوە هەیە قەدەغە کراوە.
دەشڵێت: دۆخی گەرووی هورمز گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران.
گووتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا جەختی کردەوە کە؛ "پێدانی مۆڵەتی تێپەڕبوون لە گەرووەکەدا ئێستا تەنیا لە دەستی ئێراندایە." ناوبراو هێزی بەرگری و توانای چەکداری ئێرانی بە روو لە گەشە وەسف کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زولفەقاری هێرشی توندی کردە سەر سەرکردە سیاسییەکانی لایەنی بەرامبەر و گوتی: "ئەوان تووشی شۆکێکی مێشکیی سیاسی بوون، کە لە کۆتاییدا ناچاریان دەکات مل بۆ ئەنجامەکانی جەنگ بدەن و لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.