ئەکسیۆس: هێشتا ئێران بە فەرمی وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکای نەداوەتەوە
میدیاکانی ئێران کۆمەڵێکی مەرجی قورسیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە، ئەمەش وا لێک دەدرێتەوە کە ئێران بە پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئاشتی رازی نییە؛ هاوکات سەرچاوەیەک بە ئەکیسۆسی راگەیاندووە، هێشتا ئێران بە فەرمی وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکای نەداوەتەوە
چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەڵوێستە توندەی تاران دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵەکانی واشنتن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەم هەفتەیەدا پەک بکەوێت. هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکی بە ماڵپەڕەکەییان راگەیاندووە، هێشتا بە فەرمی هیچ وەڵامێکی نەرێنییان لە تارانەوە پێ نەگەیشتووە، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەم مەرجانە لە میدیا فەرمییەکانی ئێراندا وەک ئاماژەیەک بۆ داخستنی دەرگای گفتوگۆ دەبینرێت.
لەسەر ئاستی سیاسی، دۆخی نێوان هەر دوو وڵات بە "ناجێگیر" وەسف دەکرێت. ترەمپ پێشتر تا رۆژی هەینی بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبای ئێرانی دواخستبوو، بەڵام ئەگەر وەڵامە فەرمییەکەی تاران هاوشێوەی ئەم راپۆرتانەی میدیاکان بێت، ئەوا ئەگەری زۆرە واشنتن پەنا بۆ قورسترکردنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بباتەوە و هێرشی کوشندەتر ئەنجام بدات.
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی "پرێس تی ڤی"ی ئێرانی، بەرپرسانی تاران پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ وەک "فێڵێکی سیاسی" ناوبردوە. بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە کەناڵەکەی راگەیاندووە کە واشنتن لە لایەک باسی ئاشتی دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە هەزاران سەربازی نوێ رەوانەی ناوچەکە دەکات، بۆیە تاران بە گومانەوە لەو هەوڵانە دەڕوانێت و تەنیا بەو مەرج و کاتە رازی دەبێت کە خۆی دیارییان دەکات.
لە بەرانبەر پێشنیازەکەی ئەمریکادا، ئێران پێنج مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی بۆ ئاگربەست و راگرتنی شەڕ دیاریکردووە کە بریتین لە:
1- راگرتنی تەواوەتی هەموو جۆرە هێرش و تیرۆرێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
2- دامەزراندنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ گەرەنتی ئەوەی کە جارێکی دیکە شەڕ بەسەر ئێراندا ناسەپێندرێتەوە
3- پێدانی قەرەبووی دارایی بەرامبەر هەموو ئەو زیانانەی لە کاتی شەڕدا بەر ئێران کەوتوون.
4- راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا لە لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق.
5- دانی پێدانانی فەرمیی نێودەوڵەتی بە مافی سەروەری و کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.