کۆشکی سپی: ئەگەر رێکنەکەون، ترەمپ دۆزەخ بەسەر ئێران دەکاتەوە
کۆشکی سپی رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ هیچ گاڵتەیەکی نییە و ئامادەیە قورسترین بۆردوومان لە مێژوودا ئەنجام بدات ئەگەر تاران مل بۆ ڕێککەوتن نەدات، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، جەختی کردەوە کە سەرەڕای بەردەوامیی دانوستانەکان بە سەرپەرشتی جەی دی ڤانس، بەڵام ئارامیی واشنتن سنووردارە و پێویستە تاران دان بە شکستی سەربازیی خۆیدا بنێت، ئەگەرنا رووبەڕووی دۆزەخێکی ناوخۆیی دەبێتەوە کە توانای بەرگریکردنی لێی نابێت.
چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر دواین پەرەسەندنە سەربازییەکان و ڕایگەیاند: "ترەمپ هیچ گاڵتەیەکی نییە و ئامادەیە دۆزەخ لە ناوخۆی ئێران هەڵگیرسێنێت ئەگەر ئەوان نەگەنە رێککەوتن. پێویستە ئێران جارێکی دیکە تووشی هەڵەی لێکدانەوە نەبێتەوە، چونکە هەر جۆرە رووبەڕووی بۆردوومانی زۆر قورستریان دەکاتەوە."
کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامیی هەیە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک کە ئاماژە بەوە دەکەن تاران پێشنیازەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای رەتکردووەتەوە.
کۆشکی سپی رایگەیاند کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەکی کارا و راستەوخۆ بەشداریی لە تەواوی ئەو گفتوگۆ و دانوستانانەدا کردووە کە تایبەت بوون بە دۆسیەی ئێران.
سەبارەت بە هەواڵەکانی پەیوەست بە شکستی دیپلۆماسی، کۆشکی سپی جارێکی دیکە دڵنیایی دایەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بەردەوامن.
لێڤت ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی واشنتن هەمیشە ئاشتی بووە و ترەمپ نایەوێت مەرگ و وێرانکاریی زیاتر ببینێت، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە تاران دان بەو واقیعە نوێیەدا بنێت کە لە رووی سەربازییەوە بە تەواوی شکستی خواردووە. گوتیشی: "ئێمە توانای ناوەکی و توانای هێرشبەریی ئێرانمان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان پەکخستووە. ئێستا دەبینین کە تاران بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت، چونکە درک بەوە دەکەن کە خەریکن وردوخاش دەکرێن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی باسی لە دۆخی مەیدانیی ناو ئێران کرد و گوتی: "توانای تاران بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەکی خێرا کەم دەبێتەوە. ئەگەر ئەوان ئامادە نەبن ئەم واقیعە قبووڵ بکەن، ترەمپ دڵنیایی دەدات کە گورزی وایان لێ بوەشێنرێت کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووبێت."
لێڤت هەواڵێکی گرنگی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ لە رۆژانی 14 و 15ی مانگی ئایاری داهاتوودا سەردانی پەکین دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ "شی جینپینگ" سەرۆک کۆماری چین. هەروەها گوتیشی کە دواتر سەرۆکی چین و هاوسەرەکەی سەردانی واشنتن دەکەنەوە.