دەزگای مین بۆ هاووڵاتییان: لە پێناو وێنەگرتن ژیانی خۆتان مەخەنە مەترسییەوە

دیاردەی وێنەگرتنی سێڵفی و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە نزیک پاشماوەی مووشەک و درۆنەکان، دەزگای مینی لە هەولێر هێنایە دەنگ. ئەو دەزگایە هۆشدارییەکی توند ئاراستەی گەنجان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە ژیانی خۆیان لەپێناو بەدەستهێنانی لایکدا نەکەنە قوربانی.

یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە راگەیەنراوێکدا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی هاووڵاتییان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد سەبارەت بە مەترسییەکانی نزیکبوونەوە لە پاشماوە جەنگییەکان، بە تایبەتی مووشەک و درۆنە نەتەقیوەکان لە ناوچە شاخاوی و سنوورییەکان.

لەم بارەیەوە عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین، رایگەیاند: بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەوە، مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست بووە. 

هاوکات رەخنەی توندی لەو کەسانە گرت کە بە مەبەستی وێنەگرتنی سێڵفی یان ڤیدیۆتۆمارکردن، دەچنە نێو کێڵگەکانی مین و شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان. جەختی لەوە کردەوە کە نابێت سەلامەتیی گشتی ببێتە قوربانیی بەدەستهێنانی لایک و دروستکردنی ناوەڕۆکی کاتی بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی دا کە ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان نەبن، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتیدا دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ناچار دەبن رێکاری یاسایی توند بگرنەبەر.

هاوکات سێ رێنمایی سەرەکیی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان بڵاو کردەوە کە بریتین لە: قەدەغەبوونی نزیکبوونەوە و وێنەگرتنی هەر تەنێکی گومانلێکراو، دوورکەوتنەوە لە ناوچە نەناسراوەکان و دۆڵەکان، هەروەها ئاگادارکردنەوەی خێرای دەزگای مین لە رێگەی هێڵی گەرمی (182) لە کاتی بینینی هەر پاشماوەیەکی جەنگیدا.

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد و رایگەیاند: "لە جیهانی مین و تەقەمەنیی نەتەقیودا، هەڵەی یەکەم زۆرجار هەڵەی کۆتاییە و مۆڵەتی دووەم بوونی نییە، بۆیە نابێت یەک چرکە بێباکی ببێتە هۆی لەدەستدانی ژیان."