تەسنیم: ئێران هەمواری نوێ بۆ دەقی رێککەوتنەکە پێشنیاز دەکات
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دەقەکان بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی ئەگەری لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە. سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە ئێران بەنیازە هەموار و دەستکاریی تایبەت بە خۆی بۆ دەقی رێککەوتنەکە پێشنیاز بکات و هێشتا هیچ ئەنجامێکی کۆتایی بەدەست نەهاتووە.
یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەبارەی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی ئەمریکا کە دەڵێن دۆناڵد ترەمپ مەرجی توندتری بۆ رێککەوتنەکە زیاد کردووە، بڵاوی کردووەتەوە، "ئاڵوگۆڕی دەقەکان بەردەوامە و ئێران بە سروشتی خۆی گۆڕانکاری و هەمواری خۆی بۆ دەقەکان دەبێت، چونکە هێشتا هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە."
ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە، پێوەر بۆ ئێران تەنیا ئەو دەقەیە کە تاران خۆی پەسەندی دەکات و گوتی: "ئەوەی کە ترەمپ هەندێک مەرجی توندتر بکات، تەنیا هەڵوێستی ئەوانە و بە واتای ئەوە نایەت کە ئێران ئەو مەرجانەی قبووڵ کردووە."
هەروەها سەرچاوەکە پەیامێکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند: "ئێران بۆ دۆخی 'نەگەیشتن بە تێگەیشتن' و شکستهێنانی دانوستانەکانیش بە تەواوی ئامادەیە."
هەر ئەمڕۆ، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا ئاماژەی دا، وڵاتەکەی تەنیا کاتێک رازی دەبێت بە رێککەوتن کە دڵنیابن لە پاراستنی تەواوی مافەکانی گەلی ئێران.
ئەم لێدوانانەی قالیباف هاوکاتن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی توندکردنەوەی مەرجەکانی واشنتن. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیازێکی نوێی بۆ تاران ناردووە و تێیدا مەرجەکانی بۆ رێککەوتن توندتر کردووە، بەتایبەت لەبارەی ماددە ئەتۆمییەکان. قالیباف لەم بارەیەوە گوتی: "تاوەکو دڵنیا نەبین لە پاراستنی هەموو مافەکانی گەلی ئێران، هیچ رێککەوتنێک پەسەند ناکەین."