لیندزی گراهام: ترەمپ بە رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران رازی نابێت
لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی رایگەیاند، لە کاتی گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پاڵپشتی خۆی بۆ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەربڕیوە کە تیایدا داواکارییەکانی سەرۆک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە خەونە ئەتۆمییەکانی ئێران و راگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ تیرۆر جێگیر کرابێت.
یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاند: "دڵنیام کە سەرۆک ترەمپ لە کۆتاییدا رەزامەند نابێت لەسەر هیچ رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران".
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە رێگە بە ئیسرائیل بدرێت ئەو هەڕەشانە پووچەڵ بکاتەوە کە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی حزبوڵڵای لوبنانەوە رووبەڕووی دەبنەوە، گوتیشی: "هەندێک ناوچە لە ئیسرائیل بەهۆی بۆردومانەکانی حزبوڵڵاوە بە مووشەک و گولە تۆپ، چیتر بۆ ژیان گونجاو نین".
گراهام باسی لەوەش کرد، داواکردن لە ئیسرائیل بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵا شتێکی ناعەقڵانییە، چونکە حزبوڵڵا خواستی خۆی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل راگەیاندووە و هێرشەکانی بەردەوامن، ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئاگربەستێک لەگەڵ حزبوڵڵا، رێگەیان بۆ خۆش دەکات سەرلەنوێ خۆیان پڕچەک بکەنەوە و هێزی زیاتر کۆبکەنەوە.
هەروەها دەڵێت: "بە بڕوای من، نابێت هیچ پەیوەندییەک لە نێوان رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و توانای ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان هەبێت".
دەربارەی بزووتنەوەی حەماسیش، گراهام دەڵێت: "تا کەی دەرفەت بە حەماس دەدەین بۆ ئەوەی چەک دابنێن؟ رێگە بدەن ئیسرائیل کۆتاییان پێ بهێنێت." جەختیشی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کە توانای ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی حەماس و حزبوڵڵا سنووردار بکات، بڕیارێکی نادروست دەبێت.