بەرێوەبەری کارەکانی حەکیمی هەموو شتێک یەکلایی دەکاتەوە
چەند رۆژێکە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە ئەشرەف حەکیمی بەرگریکاری باڵی راستی مەغریبی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا، بیر لەوە دەکاتەوە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید بکاتەوە.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانە هەر زوو بەرێوەبەری کارەکانی بەرگریکارە مەغریبیەکە، وەڵامی دەنگۆکانی دایەوە و رایگەیاند، '' حەکیمی بە هیچ شێوەیەک بیر لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان ناکاتەوە و ئەو یاریزانە، هەموو ئامانجیەتی جارێکی دیکە لەگەڵ یانەکەی ناسناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە ''.
حەکیمی ساڵی 2017 لە تیپی دووەمی ریاڵ مەدرید پەیوەندی بەو یانەیەوە کرد و پاشان لە ساڵی 2018 بۆ ماوەی دوو ساڵ، بە شێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا کرد و دواجار ساڵی 2020 بە یەکجاری یانە شاهانەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی ئینتەر میلان کرد.
حەکیمی تەنها یەکساڵ لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان بەردەوام بوو و لە ساڵی 2021 بەرامبەر 68 ملیۆن یۆرۆ، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا کرد و گرێبەستەکەشی لەگەڵ ئەو یانەیە، ساڵی 2029 کۆتایی دێت.