کۆگاکانی نەوتی خاو لە ئەمریکا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرز بوونەوە

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، کۆگاکانی نەوتی خاو لەو وڵاتەدا بە رێژەیەکی زۆر زیاتر لە پێشبینییەکان بەرز بوونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕ چاوەڕێی زیادبوونێکی کەمی دەکرد.

فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، کۆگاکانی نەوتی خاو بە بڕی 6.9 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەفتەی پێشتردا 6.2 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردبوو، بەڵام شارەزایان پێشبینییان دەکرد تەنیا بە بڕی 500 هەزار بەرمیل زیاد بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەکە، بەم زیادبوونە نوێیە، کۆی گشتیی کۆگاکانی نەوتی خاو لە ئەمریکا گەیشتە 456.2 ملیۆن بەرمیل، کە ئەمەش بە رێژەی 0.1% لە سەرووی تێکڕای پێنج ساڵی رابردووە لە هەمان ئەو کاتەدا.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆگاکانی بەرهەمە پاڵێوراوەکان (وەک دیزل و سووتەمەنی گەرمکەرەوە) بە بڕی 3 ملیۆن بەرمیل بەرز بوونەتەوە، بەڵام هێشتا بە رێژەی 0.4% لە خوار تێکڕای پێنج ساڵی رابردوودان.

لە بەرانبەردا، کۆگاکانی بەنزین لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی 2.6 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە، بەڵام بەراورد بە تێکڕای پێنج ساڵی رابردوو، هێشتا بە رێژەی 3% لە ئاستێکی بەرزتردایە.