چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر "سیناریۆیه‌كی هۆلیوودی" له رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی بایدن رووبدات؟
به‌رپرسانی پنتاگۆن نیگه‌رانیان ده‌ربڕیوه

K24 - هه‌ولێر:
مه‌ترسی رووداوی "سیناریۆ هۆلیوودییهكان" له واشنتن و به‌تایبه‌تی له كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی جۆو بایدن، وه‌ك 46همین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌لایه‌ن پنتاگۆنه‌وه ده‌خرێته‌ڕوو.
به گوێره‌ی وێبسایتی بی بی سی، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، نیگه‌رانی خۆیان نه‌شاردووه‌ته‌وه له مه‌ترسی ئه‌نجامدانی هێرش له‌ناوخۆی واشنتن له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و هێزانه‌ی كه بۆ پاراستنی ئه‌منییه‌تی رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆك، هێنراونه‌ته پایته‌خت.
به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسی و نیگه‌رانییه‌ش، نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی FBI، پشكنینی بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی گاردی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا كردووه، كه ژماره‌یان ده‌گاته 25 هه‌زار كه‌س و بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی بایدن، هێنراونه‌ته واشنتن.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی نیگه‌رانی به‌رپرسانی پنتاگۆن ئه‌وه‌یه، ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ی 6ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021 هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێس/ كاپیتۆڵ، به‌جۆرێك له جۆره‌كان، چ ئێستا و چ پێشوو بووبێت، په‌یوه‌ندییان به سوپای ئه‌مه‌ریكاوه هه‌بووه.
رێكاره ئه‌منییه‌كانیش له هه‌موو ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌ت باڵه‌خانه‌كانی حكومه‌ت گیراونه‌ته‌به‌ر، چونكه جیا له واشنتنی پایته‌خت، پێشبینی ده‌كرێت له ویلایه‌ته‌كانی دیكه‌ش توندوتیژی رووبده‌ن و له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی لایه‌نگرانی تره‌مپه‌وه هێرشیان بكرێته سه‌ر.
تا ئێستاش سه‌دان سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا هێنراونه‌ته باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێس و وێنه‌كانیان له ته‌واوی میدیاكانی جیهان بڵاوكرانه‌وه و سه‌ربازان له‌ناو هۆڵه‌كان و شوێنی چاوه‌ڕوانی له‌سه‌ر زه‌وی پاڵكه‌وتوون و خه‌وتوون.
بڕیاره رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو، 20ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021، جۆو بایدن وه‌ك 46ـه‌مین سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، سوێندی ده‌ستووری بخوات، به‌ڵام به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا و مه‌ترسی ئه‌نجامدانی هێرش له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران، رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆك جیاوازتر ده‌بێت.
ئ. م