راوێژکارێکی خامنەیی بۆ ئەمریکا: سەربازەکانتان دەیانەوێت لەپێناو ئیسرائیل بمرن؟ ئێمە چاوەڕێین
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی زەمینییە.
پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئەگەر لە رێگەی هێزی ئاسمانییەوە کە خاڵی بەهێزی ئەوانە هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێنابێت، ئەی چاوەڕێی چی لە هێرشی زەمینی دەکەن"؟
راوێژکارەکەی خامنەیی لە پەیامەکەیدا رووی دەمی دەکاتە بەرپرسانی واشنتن و دەپرسێت: "ئایا سەربازانی ئەمریکا دەیانەوێت لەپێناو ئیسرائیل بمرن؟" کەواتە وەرن ئێمە لە چاوەڕوانیداین"!
ئەم لێدوانانەی موحسین رەزایی راوێژکاری سەربازیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکاتێکدایە، گرژییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە لوتکە، رەزایی ئەو هێرش و ئۆپەراسیۆنانەی دەکرێنە سەر وڵاتەکەی بە "جەنگێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی" ناو دەبات و پێیوایە دوژمنەکانیان لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا شکستیان هێناوە.