ویتکۆف: ئێران خوازیاری رێککەوتنێکی بە پەلەیە

هێگسێت: پێشوازیی لە هەر رێککەوتنێک دەکەین کە لەگەڵ ئێران بێتە ئاراوە

لە کاتێکدا وەزیری جەنگیی ئەمریکا باس لە سەرکەوتنی "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا" و پێکانی زیاتر لە 10 هەزار ئامانج لە ناوخۆی ئێران دەکات، نوێنەری ترەمپیش بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکات، کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ تاران ئەرێنییە و ئێرانییەکان لە ژێر فشاری هەڕەشەکاندا بە دوای رێککەوتنێکی بە پەلەدا دەگەڕێن.

پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، لێپرسراوانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا دوایین پێشهاتەکانی جەنگ و دیپلۆماسییەتی وڵاتەکەیان بەرانبەر بە ئێران ئاشکرا کرد.

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا، رایگەیاند: کە ئەوەی روو دەدات "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا"یە، کە هەڵمەتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئێران و جەنگێکی بێ کۆتا نییە.

هێگسێت ئاماژەی بەوە کرد، کە سوپای ئێران، سەرەڕای ئەوەی سوپایەکی سەردەمیانە بوو، بەڵام لە مێژوودا هیچ سوپایەک بەو خێراییە تێکنەشکاوە. 

گوتیشی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار ئامانجمان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بە تەواوی لەناو چوو و هیچ فەرماندەیەکی دەریاییشیان نەماوە." 

وەزیری جەنگیی ئەمریکا داوای لە میدیاکان کرد، تەنیا راستییەکان بڵاو بکەنەوە و جەختی کردەوە کە ترەمپ کار بۆ زامنکردنی داهاتووی نەوەکانی داهاتوو دەکات.

باسی لەوەش کردووە، پێشوازیی لە هەر رێککەوتنێک دەکەین کە لەگەڵ ئێران بێتە ئاراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، پەردەی لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان لادا و رایگەیاند، کە وڵاتی پاکستان رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان واشنتن و تاران دەگێڕێت.

ویتکۆف ئاماژەی بەوە کرد، کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ ئێران "ئەرێنی" بووە و واشنتن پلانێکی 15 خاڵیی بۆ ئاشتی رادەستی تاران کردووە.

ویتکۆف گوتی: "ئێران ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپەوە، بە دوای رێککەوتنێکی زۆر بەپەلەدا دەگەڕێت. ئەگەر تاران رازی بێت بە رێککەوتن، ئەوا دەستکەوتێکی گەورە بۆ خۆیان و ناوچەکە و هەموو جیهان دەبێت."

هاوکات جەختی کردەوە کە دانوستانەکان لەم قۆناغەدا زۆر هەستیارن، بۆیە بە نهێنی دەمێننەوە و لە رێگەی میدیاکانەوە گفتوگۆ ناکەن.

هەردوو بەرپرسە ئەمریکییەکە لە کۆتایی لێدوانەکانیاندا، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ئیدارەی ترەمپ پێشوازی لە هەر رێککەوتنێک دەکات کە ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی دڵنیا بوونەتەوە لە تێکشکانی ئەو هەڕەشە سەربازییانەی کە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەبوون.