رۆیتەرز: کۆمارییەکان لە تێکساس پشتگیریی هێرشەکانی سەر ئێران دەکەن
لە تێکساسەوە پەیامی تووند ئاراستەی تاران دەکرێت؛ کۆمارییەکان لەژێر دروشمی 'ئازادکردنی ئێران' پشتگیری بۆ بڕیارە سەربازییەکانی ترەمپ دووپات دەکەنەوە و سەرکردە ئایینییەکانی ئەمریکاش هێرشەکان بە 'پارێزبەندییەک بۆ ئیسرائیل' ناو دەبەن.
لە کۆنفرانسی ساڵانەی کاری سیاسیی پارێزگاران (CPAC) کە لە ویلایەتی تێکساس بەڕێوەچوو، باڵی کۆمارییەکان پشتگیرییەکی بەرفراوانیان بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەربڕی. ئەم پشتگیرییە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی ئەم گرژییانەوە رووبەڕووی دابەزینی ئاستی جەماوەری بووەتەوە، کە رەنگە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی کۆنگرێس هەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە شاری "گرەیپ ڤاین" بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئایینییەکان، راوێژکارانی پێشووی کۆشکی سپی و چالاکوانانی سیاسیی ئێرانی چوونە سەر سەکۆ و لەبەردەم لایەنگرانی بزووتنەوەی "ئەمریکا مەزن بکەنەوە"، بەرگرییان لە رەوایەتیی شەڕ دژی تاران کرد.
ئەم هەڵوێستەی کۆمارییەکان لە کاتێکدایە، کە بەشێکی زۆری شەقامی ئەمریکی گومانیان لە سوودەکانی ئەو شەڕە هەیە، بەتایبەت کە بووەتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری بازاڕە جیهانییەکان و فشارێکی زۆری سیاسی خستووەتە سەر ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە.
لەم چوارچێوەیەدا، مێرسێدیس شلاپ، راوێژکاری پێشووی ترەمپ، لە پانێڵێکدا کە دوو ئێرانی برینداری خۆپیشاندانەکانی 2022 تێیدا بەشداربوون، رایگەیاند: "پێویستە ئەم شێتییە کۆتایی بێت؛ ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئێران جارێکی دیکە ئازاد بکەینەوە و ئەمریکاش بە توندی پشتگیرییان دەکات."
سەرەڕای ئەم لێدوانانە، چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ترەمپ چیتر باس لە "گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی" لە ئێران ناکات، هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی چەند هەفتەی رابردووی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوونەتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی جەماوەری لە ناوخۆی ئێراندا.
لە لایەکی دیکەوە، قەشە فرانکلین گراهام، یەکێک لە دیارترین سەرکردە ئایینییەکانی ئەمریکا، شەڕی ئێرانی وەک "ئەرکێکی ئایینی" وەسف کرد و گوتی: "بڕیارەکەی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران زەروورەت بوو بۆ پاراستنی ئیسرائیل لە قڕکردنی ئەتۆمی لەلایەن رژێمێکی توندڕەوەوە. سوپاس بۆ خودا کە سەرۆک ترەمپمان هەیە."
هەر لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، ژمارەیەک لە ئێرانییە نیشتەجێکانی ئەمریکا بە دروشمی "فارسەکان لەگەڵ ترەمپن" ئامادە بوون و پشتگیری خۆیان بۆ رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران دەربڕی، کە بڕیارە وەک نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە گوتارێک لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش بکات.
بە گوێرەی دوایین راپرسییەکانی (رۆیتەرز/ئیپسۆس)، ئاستی پشتگیری ترەمپ بۆ 36% دابەزیوە، کە نزمترین ئاستە لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، بەڵام هێشتا 74%ی کۆمارییەکان پشتگیری لە بڕیارە سەربازییەکانی دەکەن.