مانگی سووری ئێرانی: بەهۆی هێرشەکانەوە 87 هەزار شوێن وێران کراون
مانگی سووری ئێرانی ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی هێرشەکانەوە 289 دەرمانخانە و نزیکەی 600 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە و هەروەها 87هەزار و 294 شوێن بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە.
هەینی، 27ـی ئاداری 2026، پیر حوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا" بۆ سەر ئێران تاوەکو ئێستا، 87 هەزار و 294 شوێن بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە یان بەتەواوی وێران بوون، کە 66 هەزار و 261 یەکەی نیشتەجێبوون و 20 هەزار و 127 یەکەی بازرگانی لەخۆ دەگرێت.
کۆلیوەند لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی ئەو شوێنانەی وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە دەکەونە پارێزگای تاران، ئەمەش نیشانەی چڕیی هێرشەکانە بۆ سەر پایتەخت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە بە پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان، ناوەندەکانی دەرمان، چارەسەری، تەندروستی و فریاکەوتن بەر ئەو هێرشانە کەوتوون و ژمارەیان گەیشتووەتە 289 ناوەند.
هەروەها روونی کردەوە کە 600 قوتابخانە و 17 ناوەندی مانگی سوور راستەوخۆ کراونەتە ئامانج و بەتەواوی وێران بوون یان زیانی وایان بەرکەوتووە کە چیتر شیاوی بەکارهێنانین.
گوتیشی، لەم هێرشانەدا سێ هێلیکۆپتەری فریاکەوتن و 48 ئۆتۆمبێلی هاوکاری کراونەتە ئامانج.