هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل پیشەسازی ئاسنی ئێرانیان کردە ئامانج

فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆمپانیاکانی پیشەسازی ئاسن لە هەر هەردوو پارێزگای خۆزستان و ئیسفەهانی ئێران دەکەنە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، لە دوو هێرشی جیای ئاسمانیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان ئەنجامداوە.

لەمبارەوە وەلییوڵڵا حەیاتی جێگری پارێزگاری خۆزستان بۆ کاروباری ئەمنی بە تەسنیمی راگەیاندووە، کەمێک لەمەوبەر هێرشەکان بۆ کارگەی پیشەسازی پۆڵای خۆزستان کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە خەملاندنێکی گونجاو بۆ زیانەکان بکرێت.

لەلایەکی دیکەیەوە ئەکبەر ساڵحی، جێگری پارێزگاری ئیسفەهان بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاندووە، هەر ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکان، کۆمەڵگەی موبارەکە بۆ پیشەسازی پۆڵایان لە ئیسفەهان بۆمباران کردووە و کۆمەڵگەکە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە.