واشنتن پۆست: ئەمریکا تووشی کورتهێنانی چەکی پێشکەوتوو بووە

رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمریکا لە ماوەی چوار هەفتەی جەنگی ئێراندا، زیاتر لە 850 مووشەکی جۆری "تۆماهۆک"ی هاویشتووە، ئەمەش وای کردووە کۆگاکانی ئەو چەکە ورد و گرانبەهایە روو لە کەمی بکەن. بەپێی راپۆرتەکە، پێنتاگۆن لە ژێر فشاری خەرجکردنی چەکدایە و ئێستا تاوتوێی بڕیارێکی هەستیار دەکات، ئەویش گواستنەوەی ئەو چەکانەیە کە بۆ ئۆکرانیا تەرخان کرابوون.

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، هەینی 27ی ئاداری 2026، لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، بەکارهێنانی مووشەکی کروزی "تۆماهۆک" بە رێژەیەکی ئێجگار خێرا و بێوێنە لە جەنگی ئێراندا، بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکای (پێنتاگۆن) ناچار کردووە گفتوگۆی ناوخۆیی ئەنجام بدەن بۆ چۆنیەتی دابینکردنی بڕی زیاتر لەو چەکەی کە بڕبڕەی پشتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێکدەهێنێت.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەمریکا ئەم مووشەکانەی بۆ پێکانی ئامانجە هەرە هەستیارەکانی ناوخۆی ئێران بەکارهێناوە، لەوانە: ناوەندەکانی دروستکردنی درۆن و مووشەک، کۆگاکانی درۆنی دەریایی، و بنکە مووشەکییەکانی درێژایی گەرووی هورمز کە لە ژێر زەویدا جێگیر کرابوون. هەروەها کارگەیەکی گەورەی درۆن لە تاران و کۆگای سەربازیی یەزد کە ناوەندی سەرەکیی فەرماندەیی مووشەکیی سوپای پاسدارانە، لە رێگەی تۆماهۆکەوە خاپوور کراون. واشنتن و تەلئەڤیڤ دەڵێن تا ئێستا لە 7,000 ئامانجی ستراتیژی داوە.

واشنتن پۆست ئاماژەی بەوە کرد کە سێ سەرچاوەی ئاگادار جەختیان کردووەتەوە، پێنتاگۆن خەریکی لێکۆڵینەوەیە تاوەکوو ئەو چەکانەی بڕیاربوو بۆ ئۆکرانیا بنێردرێن، رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێن. دیارترینی ئەو چەکانەش مووشەکە بەرگرییەکانی ئاسمانییە کە هاوپەیمانی ناتۆ بۆ پشتیوانیی کیێڤ داوای کردبوون.

هەرچەندە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم گواستنەوەیە نەدراوە، بەڵام چاودێران دەڵێن ئەمە قەبارەی ئەو فشارە گەورەیە نیشان دەدات کە لەسەر سوپای ئەمریکایە، بەتایبەت دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) لە کەمتر لە 4 هەفتەدا، زیاتر لە 9,000 هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئامانجە جیاوازەکان لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە.