زیاتر لە 300 سەربازی ئەمریکی لە جەنگی ئێراندا بریندار بوون
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە یەکەم مانگ، بەرپرسانی واشنتن ئاشکرایان کرد کە لانی کەم 303 سەربازی ئەمریکی لە جەنگ بریندار بوون. زۆربەییان بەهۆی هێرشی درۆنەیەکانی تارانەوە بووە.
هەینی 27ـی ئاداری 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە کەناڵی ئەی بی سی نیووزی راگەیاند، تا ئێستا 303 سەربازی وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بریندار بوون. لەو ژمارەیەش، 273 سەربازیان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان، بەڵام 10 سەربازیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لەژێر چاودێریی چڕدان.
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، زۆربەی بریندارەکان تووشی پێکانی مێشک بوون. ئەم جۆرە پێکانە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی بیرچوونەوە، سەرئێشەی توند، ماندوێتیی بەردەوام و تێکچوونی توانای بڕیاردان. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن هۆکاری سەرەکیی ئەم پێکانانە، بەکارهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و تەقەمەنییە قورسەکانە لەلایەن ئێرانەوە، کە وایکردووە سەربازان لە کاتی تەقینەوەکاندا بکەونە بەر شەپۆلی توندی تەقینەوەکە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هۆشداری لە لێکەوتە دەروونییەکانی ئەم جەنگە دراوە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری فێتێرانی ئەمریکا ، ئەو سەربازانەی کە پێشتر دەستنیشان کراون تووشی پێکانی مێشک بوون، ئەگەری پەنابردنیان بۆ خۆکوشتن دوو هێندە زیاترە بەراورد بەو سەربازانەی کە ئەو پێکانەیان نییە.
ئەم ئامارە نوێیانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕتر بوونەتەوە، بەڵام زیانە گیانییەکانی ناو ڕیزەکانی سوپای ئەمریکا ئاستەنگی نوێ دەخاتە بەردەم ئیدارەی ترەمپ بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی.