وڵاتانی G7 جەخت لە ئازادیی گەشتی دەریایی لە گەرووی هورمز دەکەنەوە

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەفت، جەختیان لە پێویستیی دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز کردەوە و داوایان کرد هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر ئابووریی جیهان چڕ بکرێنەوە.

هەینی، 27ـی ئاداری 2026، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەفت (G7)، لە پاریس، کۆمەڵێک پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئابووریی جیهانی و بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد.

دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و رێگەدان بە هاتوچۆی ئازادانەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا پێویستییەکی ستراتیژییە و نابێت هیچ ئاستەنگێکی بۆ دروست بکرێت.

سەبارەت بە دۆخی ئێران و ناوچەکە، کۆمەڵەی حەفت نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دا و داوای "راگرتنی دەستبەجێی" هەموو ئەو هێرشانەی کرد کە هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان دەکەنە ئامانج.

 لە راگەیەنراوەکەدا بە روونی ئاماژە بەوە دراوە، "هیچ پاساوێکی لۆژیکی یان یاسایی بۆ بە ئامانجگرتنی بەئەنقەستی خەڵکی مەدەنی لە ئارادا نییە."

وەزیرانی دەرەوە، باسیان لەوەش کرد، کە کار دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو دەسپێشخەرییانەی کە ئامانجیان کەمکردنەوەی توندیی ئەو شۆکە ئابوورییانەیە کە رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکان و کەمکردنەوەی فشارە داراییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

ئەم کۆبوونەوە فەرمییەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەفت کە (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن لەخۆ دەگرێت)، لە کاتێکی هەستیاردا دێت و بە یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی گرووپەکە دادەنرێت لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران.