روبیۆ: جەنگی ئێران تەنیا چەند هەفتەیەکی ماوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژ بە ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتاییان دێت و واشنتن دەتوانێت بەبێ هێزی زەمینی ئامانجەکانی بپێکێت. ئاشکرای کرد کە پەیام لە نێوان واشنتن و تاران گۆڕدراوەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 27ی ئازاری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوتی: "ئێمە پێشبینی دەکەین کە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کاتێکی گونجاودا کۆتایی پێبێت، لێرەدا باس لە چەند هەفتەیەک دەکەین نەک چەند مانگێک." جەختی کردەوە سوپای ئەمریکا دەتوانێت هەموو ئامانجە ستراتیژییەکانی بپێکێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە ناردنی هێزی زەمینی بێت بۆ ناو خاکی ئێران.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە پەیام لە نێوان واشنتن و تاران ئاڵوگۆڕ کراوە و لایەنی ئێرانی ئارەزووی بۆ گفتوگۆکردن نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوەیان سەبارەت بە پلانی ئاشتیی ئەمریکا نەداوەتەوە. روبیۆ گوتیشی: پشتیوانییەکانی رووسیا بۆ ئێران هیچ جۆرە ئاستەنگییەک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دروست ناکەن.

روبیۆ رایگەیاند، گەرووی هورمز دەبێت بکرێتەوە و هەوڵەکانی ئێرانی بۆ وەرگرتنی پارە و باج لەو کەشتییانەی لە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، بە نایاسایی و قبووڵنەکراو وەسف کرد. روبیۆ داوای لە وڵاتانی جیهان کرد یەکدەنگ بن بۆ رێگریکردن لەو سەرانەوەرگرتنەی تاران کە دەیەوێت بەسەر بازرگانیی جیهانیدا بسەپێنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دا لە مەترسیی بوونی چەکی ناوەکی لە دەستی تاران و گوتی: "شێتییەکی تەواوە ڕێگە بدەین ئەم جۆرە کەسانە ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی، تەنیا سەیری کارەکانی ئێستایان بکەن کە چۆن هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانە و هۆتێلەکان؛ بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبێت، چۆن هەڕەشە لە جیهان دەکەن." روبیۆ دووپاتی کردەوە کە ئامانجەکانی ئەمریکا روونن و بەم زووانە هەموویان بەدی دەهێنرێن.