بارۆ: پێوسیتە گەرووی هورمز بکرێتەوە
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی هەمان ئامانجی ستراتیژین بۆ تێکشکاندنی توانای مووشەکیی ئێران و گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی بۆ گەرووی هورمز، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە سیستەمێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی تانکەرە نەوتییەکان دادەمەزرێنن.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی ئاداری 2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، سەرنجی خستە سەر گفتوگۆکانی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بارۆ ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە بۆ لە نێوبردنی توانای مووشەکیی بالیستی ئێران و پاریسیش پشتیوانی لەم ئامانجە سەربازییە دەکات.
سەبارەت بە قەیرانی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی کردەوە کە پاریس و واشنتن هاوڕان لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە. بارۆ گوتی: "پێویستە ئازادیی کەشتیوانی بۆ گەرووی هورمز بگەڕێتەوە و هەر کاتێک لووتکەی دوژمنایەتییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا کۆتایی هات، سیستەمێکی یاوەریی تانکەرەکان دەبێتە پێویستییەکی حەتمی بۆ پاراستنی بازاڕی وزە."
ئەم لێدوانانەی بارۆ وەک نیشانەیەک بۆ نزیکبوونەوەی هەڵوێستی ئەوروپا و ئەمریکا دەبینرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێشتر هەندێک جیاوازی لە نێوان پاریس و واشنتن هەبوو سەبارەت بە بەشداریی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا.