عێراقچی: وڵاتانی دراوسێ و دۆست هەوڵی جیددی بۆ راگرتنی جەنگ دەدەن
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی، رایگەیاند: کە وڵاتانی دۆست و دراوسێ سەرقاڵی نێوەندگیری و هەوڵی جددین بۆ راگرتنی جەنگ، هاوکات هۆشداریی دا کە گەرووی هورمز بە رووی ئەو وڵاتانەدا داخراوە کە دەستیان لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران هەیە.
هەینی، 27ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گفتوگۆی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، عەباس عێراقچی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆف دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.
عێراقچی لە میانی پەیوەندییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمەڵێک وڵاتی دۆست و دراوسێ "هەوڵی بێلایەنانە و باش" دەدەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام جەختی کردەوە کە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا نەگۆڕن و تاران سوورە لەسەر بەرگرییکردن لە کیانی وڵاتەکەی.
سەبارەت بە ئاسایشی دەریاوانی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ناجێگیریی دۆخی ئێستای گەرووی هورمز دەرەنجامی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە."
هەروەها راشیگەیاند، گەرووی هورمز بە رووی کەشتییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هەر لایەنێکی دیکەدا داخراوە کە تێوەگلابن لە هێرشی سەربازیی دژی ئێران.