عێراقچی: باجی تاوانەکانی ئیسرائیل قورس دەبن
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تازەترین پەیامیدا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت "هێرشەکانی بۆ سەر کارگەکانی ئاسن و ژێرخانی مەدەنی، پێچەوانەی ئەو مۆڵەتی دیپلۆماسیەیە کە ترەمپ درێژی کردووەتەوە".
عێراقچی ئەمڕۆ ئێوارەی هەینی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاویکردووەتەوە و نووسیوتی ئیسرائیل دوو گەورەترین کارگەی پۆڵا و وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و شوێنە ئەتۆمییە مەدەنییەکان و چەند ژێرخانێکی دیکەی ئێرانی بۆمباران کردووە. لەگەڵ ئەمەشدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا هێرشەکانی کردووە.
دەشڵێت "ئەم هێرشانەش پێچەوانەی درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتە دیپلۆماسیەیە کە سەرۆکی بڕیاری لێداوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ئێران باجێکی قورسی لە ئیسرائیل دەسەنێت بەهۆی ئەو تاوانانەی دەیانکات".
هەر لە بارەی هێرشی سەر کارگەکانی پیشەسازی ئاسن و پۆڵا لە هەردوو پارێزگای خۆزستان و ئیسفەها، سوپای پاسداران هەڕەشەی بە هێرشکردنە سەر شەش گەورە کارگەی پیشەسازی ئیسرائیل و پێنج وڵاتی عەرەبی کەنداو کردووە.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا نەخشە و ناو و شوێنی هەر شەش کارگەکەی ناوچەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "ئامانجە نوێیەکانی ئێران بۆ هێرشی تۆڵە سەندنەوە راگەیەندران".
هەروا ئاماژەیداوە، ئەم ئامانجانە لەسەر بنەمای زانیاری دروستی مەیدانی و دەستنیشانکردنی تەواوەتی توانا پیشەسازییەکانی هاوپەیمانانی ئەمریکا بۆ هێرشکردن، دیاریکراون، داواشی لە خەڵکی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە کردووە لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا دوور بکەونەوە و جێبهێڵن.
ئامانجەکانی داهاتووی هێرشی ئێران لە ناوچەکە:
- کۆمەڵگەی (Hadeed) پیشەسازی ئاسن و پۆڵا لە جەبیل - سعوودیە .
- کۆمەڵگەی (Enirates Steel Arkan) لە ئەبو زەبی – ئیمارات.
- کۆمەڵگەی (Qatar Steel) موسیعید – قەتەر.
- کۆمەڵگەی (Foulath – SULB & GIC) ئەلحەد – بەحرەین.
- کۆمەڵگەی (United Steel Industrial Co. – KWT Steel) شوعیبە – کوەیت.
- کۆمەڵگەی (Yehuda Steel) ئەشدود – ئیسرائیل.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدانە کە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، لە دوو هێرشی جیای ئاسمانیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کۆمپانیاکانی پیشەسازی ئاسن و پۆڵایان لە هەر هەردوو پارێزگای خۆزستان و ئیسفەهانی ئێران کردە ئامانج، کە دوو گەورە کۆمپانیان لە ئاستی ئێراندا.
کۆمەڵگەی پۆڵای موبارەکە:
کۆمەڵگەی پۆڵای موبارەکەی ئیسفەهان گەورەترین یەکەی پیشەسازی ئێران و گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ماددەی خاو بۆ زیاتر لە سێ هەزار کارگەی ناوخۆی ئێران دابین دەکات و هەناردەشی بۆ 38 وڵات هەبووە.
کۆمەڵگەکە لەسەر رووبەری 35 کیلۆمەتری چوارگۆشە دروستکراوە و توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەکەی 10.3 ملیۆن تۆنە و دەرفەتی کاری بۆ 12 هەزار و 900 رەخساندووە.
کۆمەڵگەی پۆڵای خۆزستان:
هەروەها کۆمەڵگەی پیشەسازی پۆڵای خۆزستان دەکەوێتە کەلانشاری شاری ئەهواز، لە دوای کۆمەڵگەی پۆڵای موبارەکەی ئیسفەهان، بە دووەمین گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵای خاو لە ئێران هەژمار دەکرێت.
کۆمەڵگەکە لەسەر رووبەری 8.3 کیلۆمەتری چوارگۆشە دروستکراوە و توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی یەک ملیۆن تۆنە، هەروەها دەرفەتی کاری بۆ 10 هەزار کرێکار رەخساندووە.