راوێژکاری ئەڵمانیا: هەرگیز گۆڕینی دەسەڵاتیی ئێران سەرکەوتوو نابێت

راوێژکاری ئەڵمانیا، رەخنەی توندی لە نەبوونی ستراتیژێکی روون لای ئەمریکا و ئیسرائیل گرت لە جەنگی دژ بە ئێران. مێرز هۆشداری دا کە مێژوو دەیسەلمێنێت هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە رێگەی سەربازییەوە زۆربەی جار شکستیان هێناوە و تەنیا زیانی گەورەیان لێکەوتووەتەوە.

هەینی 27ـی ئاداری 2026، فریدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "بەپێی ئەوەی تا ئێستا بیستوومانە، ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ ستراتیژێکی روونیان بۆ دوای شەڕ نییە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ ئایا ئامانجی ئەوان بە راستی گۆڕینی دەسەڵاتە؟ ئەگەر ئەمە بێت، من پێم وانییە هەرگیز بەدی بێت."

ئاماژەی بە مێژووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) کرد و گوتی: "لانی کەم لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، تەنیا یەک هەوڵی سەرکەوتووی گۆڕینی رژێم لە پاناما هەبووە، زۆربەی هەوڵەکانی تری وەک ئەفغانستان دوای 20 ساڵ شەڕ، تەنیا گۆڕینی دەسەڵاتیی مەلاکان بوو بۆ یەکێکی دیکە." ئەو جەختی کردەوە کە ناکرێت بە بۆمب و شەڕ ئایندەیەکی جێگیر بۆ وڵاتان دیاری بکرێت.

مێرز سەرنجی خستە سەر لێکەوتە ئابووری و سیاسییەکانی شەڕەکە و ئاماژەی بەوە کرد، دابەزینی پشکەکان لە بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا و دروستبوونی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی پارتی کۆمارییەکاندا، وای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە پاشەکشە لە هەندێک هەڕەشەی بکات. مێرز گوتیشی کە وڵاتانی ئەوروپا پەیامێکی روونیان بۆ واشنتن ناردووە، هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان یان تێکدانی بازرگانیی نێودەوڵەتی، لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت.

مێرز جەختی کردەوە کە ئەڵمانیا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بەردەوام دەبن لە فشارەکانیان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی دیپلۆماسی، چونکە بەردەوامیی ئەم جەنگە بێ ئامانجە، نەک تەنیا ناوچەکە بەڵکوو تەواوی جیهان بەرەو کارەساتێکی ئابووری و ئەمنیی گەورەتر دەبات.