هاککەرە ئێرانییەکان ئیمەیڵی بەڕێوەبەری "ئێف بی ئای"ـیان هاک کرد
هاککەرانی گرووپێکی نزیک لە ئێران ئیمەیڵی کەسیی بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) هاک دەکەن و چەندین وێنە و بەڵگەنامەی تایبەتی بڵاو دەکەنەوە و دامەزراوەکەش هەواڵەکە پشتڕاست دەکاتەوە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، هاککەرانی گرووپی "حەنزەلە"ی پەیوەندیدار بە ئێران چوونەتە ناو ئیمەیڵی کەسی (شەخسی)ـی کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) و بەڵگەنامە و وێنەکانیان لەسەر ئینتەرنێت بڵاو کردووەتەوە.
تۆڕی هەواڵی سی "ئێن ئێن"ـی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، وێنە دزەپێکراوەکانی کاش پاتێل دەگەڕێنەوە بۆ پێش دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی لە ساڵی 2025 و میدیاکانی دیکەش راستیی بەڵگەنامەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە گرووپی "حەنزەلە" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ گرت و ئاماژەی بەوە کرد، هۆکارەکەی بۆ تۆڵەسەندنەوەی بڕیارێکی "ئێف بی ئای" دەگەڕێتەوە لە بەرانبەر داخستنی ناونیشانی چەند ماڵپەڕێکیان.
"ئێف بی ئای" هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و روونیشی کردەوە، زانیارییە دزەپێکراوەکان دەگەڕێنەوە بۆ پێش ساڵی 2025 و هیچ زانیارییەکی فەرمیی حکوومەتیان تێدا نییە. هەروەها ئەوەشی خستە روو، دەزانن لایەنی خراپەکار هەوڵی بەدەستهێنانی زانیارییان لە ئیمەیڵە کەسییەکەی کاش پاتێل داوە و هەموو هەنگاوێکی پێویستیان بۆ چارەسەرکردنی مەترسییەکان گرتووەتە بەر.
وەزارەتی دادی ئەمریکا هەفتەی رابردوو دەستی بەسەر چوار ماڵپەڕدا گرت، دوانیان بە ناوی "حەنزەلە" بوون و پەیوەندییان بە چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی وەزارەتی هەواڵگریی ئێرانەوە هەبووە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاداشتێکی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک دیاری کرد زانیاری لەسەر ئەو کەسانە بدات کە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن و تێیدا ناوی گرووپی حەنزەلەشی هێناوە.
ململانێ ئەلیکترۆنییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران مێژوویەکی درێژیان هەیە و لە چەند ساڵی رابردوودا بەتەواوی چڕ بوونەتەوە. گرووپی حەنزەلە یەکێکە لەو گرووپە هاککەرانەی شارەزایانی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی پێیان وایە راستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی تارانەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەم گرووپە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، چالاکییەکانی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر کردووە.
ئەمریکا بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات هەوڵی تێکدانی ژێرخانی ئەلیکترۆنیی وڵاتەکەی دەدات و لە بەرانبەردا چەندین سزای بەسەر دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەکانی ئێراندا سەپاندووە.