گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا: ناوچەکە دەکەینە گۆڕستان بۆ سەربازانی ئەمریکا
"لە ئەنجامی چەند هێرشێکمان زیاتر لە 500 سەربازی ئەمریکی بوونەتە قوربانی"
بارەگای خاتەمولئەنبیا، ئەنجامدانی چەند هێرشێکی بەرفراوان و وردی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا راگەیاند، کە تێیدا کەشتییەکی پشتیوانی و دوو مۆڵگەی سەربازی کراونەتە ئامانج.
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان کەشتییەکی پشتیوانیی سەر بە سوپای ئەمریکایان لە بەندەری "سەڵاڵە" لە عومان پێکاوە، هاوکات جەختی کردەوە، ئێران وەک پێشتر رایگەیاندووە، پابەندە بە رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتی عومان وەک دەوڵەتێکی دۆست و برا.
گوتەبێژەکە رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە دوو پێگە و حەشارگەی سەربازانی ئەمریکا لە دوبەی دەستنیشان بکەن و بە مووشەکی ورد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان بکەنە سەر، گوتیشێ: لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیاتر لە 500 سەرباز و فەرماندەی ئەمریکی کوژراو و بریندار بوون.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دوای هێرشەکان، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن خەریکی گواستنەوەی تەرم و بریندارانی سوپای ئەمریکا بوون، هەروەها پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و رایگەیاند، "پێویستە ترەمپ و فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا باش لەوە تێبگەن کە ناوچەکە دەبێتە گۆڕستان بۆ سەربازەکانیان."