جەی دی ڤانس: زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانمان لە ئێران پێکاوە و بەم زووانە دەکشێینەوە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانی لە ناو خاکی ئێراندا بپێکێت، ئاماژەی بەوە کرد، دەتوانرێت بگوترێت سەرجەم ئامانجەکانی ئێمە بەدیهاتوون.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "سەرۆک ترەمپ بۆ ماوەیەک لەسەر ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لە داهاتوودا ناچار نەبینەوە ئۆپراسیۆنی هاوشێوە ئەنجام بدەینەوە"، هاوکات هۆشداریشی دا، "ئێران بە هەموو شێوەیەک هەڕەشەمان لێ دەکات و هێشتا لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە".

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم ئۆپراسیۆنە بریتییە لە بێلایەنکردن و پەکخستنی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر، هەروەها  سەبارەت بە لایەنی ئابووری و نرخی سووتەمەنیش گوتی: "نرخی بەنزین بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرزبووەتەوە، بەڵام بەم زووانە دادەبەزێت".

لە کۆتاییدا ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ هەڵوێستی زۆر روونە و نایەوێت بۆ ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ لە ناو ئێراندا بمێنینەوە، بۆیە دەڵێم:"بەم زووانە ئەو وڵاتە جێدەهێڵین".