وەزارەتی تەندروستی ئێران: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 230 منداڵ گیانیان لەدەستداوە

وەزارەتی تەندروستی، نوێترین ئاماری کوژراوان و بریندارانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێرانی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 230 منداڵ  کوژراون و نزیکەی 1800 منداڵیش بریندار بوون.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستی ئێران راپۆرتێکدا وردەکاریی و ئاماری کوژران، برینداران و ئاستی زیانە بەرکەوتووەکانی بە ژێرخانی تەندروستی وڵات تاوەکو 29ـەمین رۆژی جەنگی راگەیاند.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پارێزگاکانی تاران و هورمزگان زۆرترین ژمارەی کوژراویان هەبووە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە:

4 هەزار و 163 کەس لە بریندارەکان ئافرەتن.
1731 منداڵی خوار تەمەن 8 ساڵ و 61 منداڵی خوار تەمەن 2 ساڵ بریندار بوون.
سەبارەت بە ئاماری کوژراوان، 244 ئافرەت، 214 منداڵی خوار 18 ساڵ و 17 منداڵی خوار 5 ساڵ گیانیان لەدەستداوە.
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر تێکدانی سیستماتیکی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان و رایدەگەیەنێت:

50 بنکەی فریاکەوتن، 41 ناوەندی دەرمانی و 199 ناوەندی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە.
6  نەخۆشخانە بەهۆی هێرشەکانەوە چۆڵکراون.
38  ئەمبوڵانس تووشی زیان و تێکشکان بوون.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، 24  کەس لە کارمەندانی تەندروستی کە لە هێڵی پێشەوەی خزمەتگوزاریدا بوون، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە.