ملیۆنان ئەمریکی دژی سیاسەتەکانی ترەمپ دەڕژێنە سەر شەقام

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی سەرانسەری ئەمریکا بگرێتەوە و ملیۆنان کەس دژی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێنە سەر شەقامەکان.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "فرانس پرێس"، ئەم خۆپێشاندانانە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو شێوازە حکومڕانییە دێت کە خۆپێشاندەران بە "سیاسەتی خۆسەپێنی" و "شکاندنی یاساکانی وڵات" وەسفی دەکەن، ئەمە سێیەمین جارە لە ماوەی یەک ساڵدا کە خەڵکی ئەمریکا بەم قەبارە گەورەیە دژی سیاسەتەکانی ترەمپ دەست بە ناڕەزایەتی دەکەن، کە تێیدا دروشمی "نا بۆ پاشایەتی" وەک هێمایەک بۆ رەتکردنەوەی شێوازی دەسەڵاتی سەرۆک بەرز دەکرێتەوە.

جگە لە کێشە ناوخۆییەکان، بەشێکی سەرەکیی نیگەرانییەکانی ئەمجارەی هاووڵاتییانی ئەمریکا پەیوەندی بە بارودۆخی دەرەوە و هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە هەیە، خۆپێشاندەران نیگەرانن لە درێژبوونەوەی وادەی ئەو جەنگە و ناڕوونیی ئامانجەکانی، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی جیهانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست کردووە.

چاودێران پێیان وایە ئەم خۆپێشاندانانە دەبنە فشارێکی گەورە لەسەر کۆشکی سپی، لە کاتێکدا کە ئیدارەکەی ترەمپ لە ناوخۆدا رووبەڕووی تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا بووەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بەشدارە لە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.