ئەمەریکا: تەقینەوەکانی جورف سەخر بەهۆی هێرشی ئێمەوە نەبوون

میدیاکانی عێراقی دەڵێن ئەمەریکا بنکەی سەربازیی عێراقی کردووەتە ئامانج 

جورف سەخر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەغدا و سەر بە پارێزگای بابلە
جورف سەخر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەغدا و سەر بە پارێزگای بابلە

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ رەتیکردەوە هیچ تەقینەوەیەک لە شارۆچکەی جورف سەخر روویاندابێت، کە بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەوانەوە بووبێت.

چەند میدیایەکی عەرەبی و عێراقی ئەمڕۆ بڵاویانکردبووەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-1-2021) سێ تەقینەوە لە بارەگایەکی میلیشیای کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ناوچەی جورف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل روویاندا، لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەکدار کوژران و برینداربوون. یەکێک لە تەقینەوەکانیش لەنێو بنکەیەکی سەربازیی سوپای عێراق بووە و بەهۆیەوە نۆ سەرباز کوژراون و لانیکەم 10 سەربازی دیکە برینداربوون، کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی ئەمەریکا روویداوە.

بەڵام کەمێک پێش ئێستا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لەڕێگەی تویتێکەوە لە زاری کاپتن بیڵ ئوربان، گوتەبێژی فەرماندەییەکە رایگەیاند "تەقینەوە لە دووریی40 میل لە بەغدا، لە شارۆچکەی جورف سەخر، بەهۆی هیچ کارێکی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەبووە".

هەروەها خانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەمڕۆ دوو راگەیەندراوی لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، لە یەکەمیان دەڵێ "بەشێکی ئامرازەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە هێرش بۆ سەر چەند یەکەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە باکووری پارێزگای بابل، ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوی دووەمیدا هەر سەبارەت بەو بابەتە، رایگەیاند "هەندێک بورجی کارەبا لە ناوچەی بەهبەهانی باکووری پارێزگای بابل لەلایەن چەکدارانی تیرۆرستی داعش کراونەتە ئامانج، کەچی هەندێک لایەن گوتیان ئەمە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان بووە. لای خۆیەوە هێزێکی ئەمنی دەستی بە پشکنین کردووە بەدوای ئەوانەی ئەو کارە تیرۆرستییەکان کردووە و دواتر وردەکارییەکانی رادەگەیەنین".

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment