ئەو پیاوەی لە ئۆتۆمبێلی پاککردنەوەوە تەقەی لە ماڵێک کرد، خۆی رادەستی ئاسایش کردووە

"پیاوەکە کێشەی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ ماڵی خەزووری هەبوو و تەقەی لێکردن"
وێنەی پیاوەکە لەکاتی تەقەکردن لە ماڵی خەزووری. وێنەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کامێرای چاودێرییەوە وەرگیراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە
وێنەی پیاوەکە لەکاتی تەقەکردن لە ماڵی خەزووری. وێنەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کامێرای چاودێرییەوە وەرگیراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە

K24 - هەولێر

لە هەولێر کەسێک شەوی رابردوو لەنێو ئۆتۆمبێلی پاککردنەوە تەقەی لە ماڵی خەزووری کرد و، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ خۆی رادەستی ئاسایش کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی وەریگرتووە، شەوی رابردوو (دووشەممە، 18-1-2021) لە گەڕەکی سیمی خاتووناوە لە هەولێر کەسێک لەنێو ئۆتۆمبێلێکی سەر بە کۆمپانیاکانی پاککردنەوە کە سەر بە شارەوانین، تەقەی لە ماڵی خەزووری کرد.

لە ئەنجامی تەقەکان هیچ کەسێک بریندار نەبووە. کوردستان24 زانیویەتی "هەر شەوی رابردوو ئەو کەسەی لەکاتی تەقەکردنەکە ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە، لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەر کراوە، ئۆتۆمبێلەکەش دەستی بەسەردا گیراوە".

سەرچاوەکەی کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بەیانیی ئەمڕۆ تەقەکەرەکە، بۆخۆی خۆی رادەستی هێزەکانی ئاسایش کردووە. رووداوەکەش بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی بووە؛ ئەو پیاوە ماوەیەکە ژنەکەی لێی توڕە بووە و چووەتەوە ماڵی باوکی.