نێچیرڤان بارزانی و سوودانی جەخت لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئارامی دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە دهۆک کرد و رایگەیاند: کە فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لە نێوان هەردوو حکوومەت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی.

شەممە، 28ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنيی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێ گەیشت.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئه‌مڕۆ کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک.

هەروەها سوودانی ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی و پەرۆشیی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزکردنی تەبایی لە نێوان هەموو عێراقییەکاندا کرد.

هەر لەمبارەیەوە رایگەیاند: کە فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمى كوردستاندا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی.

بە پێی راگەیەنراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە پەرۆشیی حکوومەتى فيدراڵ کردەوە، بۆ رێگری لە هەر لایەنێکی دەرەکی یان نێودەوڵەتی کە بیەوێت عێراق پەلکێشی ناو ململانێکانی ناوچەکە بکات.

 سوودانی ئەوەشی دووپات كرده‌وه‌، كه‌ هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەخرێنە گەڕ.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی سوودانی و هه‌وڵه‌كانى حکوومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرد.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئارامی کردەوە.