فەرمانگەی میدیا و زانیاری رێنمایی نوێی بۆ رووماڵی رووداوەکان راگەیاند
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی رێکخستنی رووماڵی میدیایی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، کۆمەڵێک رێنمایی و مەرجی توندی بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن بڵاو کردەوە.
شەممە 28ـی ئاداری 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و دیجیتاڵ میدیا کرد، تێیدا داوا دەکات رووماڵەکان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و بە پەیامێکی مرۆیی بۆ جیهان بگوازرێنەوە.
بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵە نوێیەکە، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن پابەندی ئەم خاڵانە بن:
1- بە مرۆییی کردنی پەیامەکان: جەختکردنەوە لەسەر چیرۆکی قوربانییەکان و وێرانکارییەکانی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان وەک "تاوانێکی نێودەوڵەتی".
2- وێنەگرتنی سنووردار: قەدەغەکردنی بەکارهێنانی وێنەی پان (Wide Shots) کە شوێنی جوگرافی ئاشکرا دەکەن، هەروەها قەدەغەکردنی بەکارهێنانی "درۆن" بۆ وێنەگرتن.
3- ناوچە قەدەغەکراوەکان: وێنەگرتنی چاڵ، پاشماوەی مووشەک یان پارچەی درۆنەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بەو پێیەی دەبێتە هۆی دیاریکردنی جۆری چەک و خاڵی هێرشەکە بۆ نەیاران.
4- پابەندبوون بە رێڕەوە دیاریکراوەکان: میدیاکاران تەنها رێگەیان پێ دەدرێت لەو شوێنانە بن کە لەلایەن تیمە ئەمنییەکانەوە دیاری کراون و نابێت بە هیچ جۆرێک لەو چوارچێوەیە دەربچن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر سەرپێچییەک لەم رێنماییانە ببێتە هۆی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر کەس و دەزگاکە.
هەروەها داوای کردووە نوێنەری دەزگاکان رۆژی 29ـی ئادار سەردانی فەرمانگە بکەن بۆ وەرگرتنی نووسراوی پشتگیری و ناسنامەی تایبەت بە رووماڵەکە.