نادیە یاسین: ئەگەر موزیکمان لەدەست بدەین زمانیش لەدەست دەدەین

نادیە یاسین، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی هونەری خۆی و باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری دەکات.

نادیە یاسین دەڵێت، "موزیک هێزی گەورەی کۆمەڵگەیە و دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی زمان و کولتووردا ببینێت، بۆیە هەوڵ دەدەم بەرهەمگەلێک دروست بکەم کە زیاتر مۆرکی رەسەنایەتیی کوردییان هەبێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2026، نادیە یاسین، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی ئەزموونی هونەری خۆی بە کوردستان24ی گوت، "کاتێک باس لە یەکەم هەنگاوە هونەرییەکانم دەکەم، بە هەستێکی پڕ لە بیرەوەری دەگەڕێمەوە بۆ ساڵانی منداڵی، چونکە حەزی موزیک لە ناخم دا هەر لە تەمەنی منداڵییەوە چەکەرەی کردووە و هەر ئەو ساتانە بوون کە بناخەی ئەو رێگەیەم بۆ داهاتووم داناوە. بیرم دێت کاتێک گۆرانییەک لە تەلەفزیۆن پێشان دەدرا، منیش لەگەڵی دەستم دەکرد بە گوتنەوەی، لەو تەمەنەدا هێشتا نەمدەزانی هونەر چییە، بەڵام هەستم بەوە دەکرد موزیک شتێکی جیاوازە لەناخم دا. لە ساڵی 1999 بە شێوەیەکی فەرمی چوومە ناو بواری هونەر و هەوڵم داوە بەپێی تواناکانی خۆم بەردەوام بم، سەرەڕای هەموو ئەو قۆناخ و گرفتانەی لەبەردەمم دا هەبوون، دوای چوار ساڵ، واتە لە ساڵی 2003، یەکەم ئەلبوومی خۆم بەناوی "نیشتیمان تۆم لەبیرە" بڵاوکردەوە؛ ئەلبوومێک کە بەرهەمی دڵ و هەستی راستەقینەی من بوو."

نادیە یاسین گوتیشی، "تا ئێستا 15 تراکی گۆرانیم بڵاوکردووەتەوە و هەر بەردەوام بوومە لە کاری هونەری، بەڵام پێم وایە ژمارەی بەرهەم گرنگ نییە، بەڵکو ئەو هەست و پەیامە گرنگە کە گۆرانی دەیگەیەنێت. من کاتێک کارێک دەکەم، دەبێت لە دڵەوە بێت، ئەگەر بە هەستەوە گۆرانی نەڵێم، ناتوانم کاری لەسەر بکەم. بۆیە هەموو جۆرە بەرهەمێک بڵاو ناکەمەوە، چونکە پێم وایە هونەر دەبێت راستگۆیی تێدابێت."

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە پەیوەندی نێوان خۆی و موزیک دەکات و دەڵێت، "موزیک بۆ من تەنیا پیشە نییە، بەڵکو هاوڕێ و هاودەردی ژیانمە. من لە هەموو قۆناخەکانی ژیانم دا، لە خۆشی و ناخۆشیدا، موزیک لەگەڵم بووە و توانیویەتی ئارامی و هیوام  پێ ببەخشێت. هەندێک جار مرۆڤ ناتوانێت بە وشە هەستەکانی دەرببڕێت، بەڵام موزیک ئەوەی بۆ دەکات. بۆ من، موزیک زمانێکی ترە بۆ قسەکردن لەگەڵ خەڵک. هەروەها من رێزی هەواداران و خۆشەویستیی خەڵک بە گەورەترین دەستکەوتی ژیانی هونەری خۆم دەزانم، چونکە لە هەموو شوێنێکدا پەیوەندییەکی جوانم لەگەڵ هەوادارانم دا هەبووە و ئەو پشتگیرییە هەمیشە هاندەرم بووە بۆ بەردەوامبوونم."

نادیە یاسین ئاماژەی بەوەش دا، "لە نێوان هەموو بەرهەمەکانم دا، گۆرانی "نیشتیمان تۆم  لەبیرە"، نزیکترین بەرهەمە لە دڵمەوە، چونکە ئەو گۆرانییە وێنەی هەستی راستەقینەی منە بۆ خاک و نیشتیمان، چونکە کوردستان بۆ من تەنیا شوێنی لەدایکبوون نییە، بەڵکو بەشێکە لە رۆحم، من بە پەروەردەی کوردانە گەورە بووم. لە هەر شوێنێک کورد هەبێت، هەست دەکەم بەشێکم لەوێیە، کاتێکیش ئەو گۆرانییەم گوت، هەوڵم دا هەموو ئەو خۆشەویستیی و دڵتەنگییەی ناخم بگوازمەوە بۆ خەڵک. هەروەها دوای ئەوەی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان ئاڵۆز بوو، هەستی نیشتیمانی لام بەهێزتر بوو و ئەوە وای لێکردووم بە شێوازێکی نوێ ئەو بەرهەمە دووبارە بڵاوبکەمەوە.لە کلیپەکەشم دا هەوڵم داوە جوانیی سروشتی کوردستان و رووی جوانی وڵاتەکەم پێشان بدەم."

دەربارەی کاریگەریی موزیکی بیانی لەسەر گۆرانی کوردی، نادیە یاسین گوتی، "کاریگەریی موزیکی بیانی لەسەر گۆرانییەکانی ئێستا کارێکی ئاساییە، من چەندجار ئاوازی بیانیم بەکار هێناوە، چونکە لە دەرەوەی وڵات گەورە بووم، سروشتییە کە هەندێک ئاراستەی جیهانی کاریگەریم لەسەر دروست بکات، بۆ نموونە، لە یەکەم ئەلبوومم دا هەندێک ئاوازی ئیسپانیم بەکارهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز نەمویستووە رەسەنایەتی موزیکی کوردی تێکبچێت. لەگەڵ ئەوەش دا، گۆڕانکاری شتێکی ئاساییە، بەڵام نابێت ببێتە هۆی ونبوونی ناسنامەی موزیکی کوردی، چونکە ئەگەر موزیکمان لەدەست بدەین، زمانیش لەدوای ئەو لەدەست دەدەین، چونکە موزیک هێزی گەورەی کۆمەڵگەیە و دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی زمان و کولتووردا ببینێت، بۆیە لە ئێستادا هەوڵ دەدەم بەرهەمگەلێک دروست بکەم کە زیاتر مۆرکی رەسەنایەتی کوردییان هەبێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، نادیە یاسین باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، "لە ئێستادا چەند شیعرێکی جوانم پێشکەش کراوە بۆ ئەوەی بیانکەمە گۆرانی، بەڵام بارودۆخی ئێستا و ئەو دڵشکانییەی لە کۆمەڵگەدا هەیە کاریگەریی خراپی لەسەر هەستی هونەرمەندانیش هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، لێرەوە بە هەوادارانم دەڵێم لە داهاتوودا بەرهەمی نوێ و جیاوازیان پێشکەش دەکەم، چونکە دەزانم هەوادارانم تامەزرۆی بەرهەمە نوێکانمن، بۆیە هەوڵ دەدەم بەرهەمێک پێشکەش بکەم کە شایەنی ئەو خۆشەویستییە بێت کە پێم دەبەخشن."

نادیە یاسین، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری هەولێرە، لەتەمەنی چوار ساڵییەوە کوردستانی جێهێشتووە و ئێستا لە کەنەدا نیشتەجێیە، خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە، "شادم شادم" و "نیشتیمان تۆم لەبیرە" لە بەرهەمە هەرە تایبەتەکانی ئەو خانمە هونەرمەندەیە.