هاکان فیدان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و تێیدا هاکان فیدان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 28ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی هاکان فیدان و هەڵوێستی تورکیای بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە کرد.

ئاماژەشی داوە، لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران و هەر دوو لا جەختیان لە گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ پاراستنی ئارامی کردەوە.