زەڵمای خەلیلزاد: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی هیچ پاساوێکی نییە و دەبێت ئەنجامدەرانی سزا بدرێن

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی میلیشیاکانی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و نێچیرڤان بارزانی وەک پیاوی ئاشتی و گفتوگۆ وەسف کرد و داوای لە حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانانی کوردستان کرد بەرپرسانی ئەم هێرشە راوەدوو بنێن.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، کاردانەوەی توندی بەرانبەر بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیشاندا و رایگەیاند:بە هیچ شێوەیەک هیچ بیانوو و پاساوێک نییە بۆ هێرشی درۆنیی میلیشیا تیرۆریستەکان بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی.

ئەم دیپلۆماتە ئەمریکییە سەرنجی خستە سەر پێگەی سیاسیی بارزانی و گوتی: نێچیرڤان بارزانی پیاوێکی دەوڵەتمەدارە و لەسەر ئاستێکی فراوان رێزی لێ دەگیرێت، چونکە هەمیشە داکۆکیکار بووە لە گفتوگۆ، ئاشتی و تەبایی. خەلیلزاد جەختی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم پەلامارە دەکات.

زەڵمای خەلیلزاد داوایەکی ئاراستەی بەغدا و واشنتن کرد و گوتی: پێویستە حکوومەتی عێراق و هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان بەدوای ئەو گرووپە تیرۆریستەدا بڕۆن کە بەرپرسیارن لەم کارە و سزایان بدەن.