ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی 20 کەشتیی پاکستانی لە گەرووی هورمز دا

وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، کە حکوومەتی ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر تێپەڕبوونی 20 کەشتیی نوێی وڵاتەکەی بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا. ئیسلام ئاباد ئەم هەنگاوەی تاران بە دەسپێشخەرییەکی بنیاتنەر و نیشانەیەک بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە وەسف دەکات.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاند، ئێران رازی بووە رێگە بە 20 کەشتیی دیکە بدات کە ئاڵای پاکستانیان لەسەرە، تاوەکوو بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن، بە جۆرێک کە رۆژانە دوو کەشتی لەو رێڕەوە نێودەوڵەتییە بپەڕنەوە.

وەزیری دەرەوەی پاکستان خۆشحاڵیی خۆی بەم بڕیارە دەربڕی و گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی جێگەی دەستخۆشی و نیشانەیەکی بنیاتنەرە لەلایەن ئێرانەوە. ئەم بڕیارە وەک مژدەی ئاشتی دەبینرێت و یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

ئیسحاق دار جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە ئەرێنییە، پێشکەوتنێکی واتادارە بەرەو ئاشتی و هێز دەدات بە هەوڵە بەکۆمەڵەکان لەو ئاراستەیەدا. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ، دیپلۆماسی و گرتنەبەری رێکاری دروستکردنی متمانە دەتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنرێت.