وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکات کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر ماڵی تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لە دهۆک ئەنجام داوە، واشنتن ئەم پەلامارەی وەک دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەروەری، سەقامگیری و یەکپارچەیی عێراق ناو برد.
یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە ئامانج گرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی. ئەمریکا هێرشەکەی بە نەگریس و تیرۆریستی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە کارانە لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیا بریکارەکانییەوە لە عێراق ئەنجام دەدرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشانە تەنیا سەرۆکی هەرێم ناکەنە ئامانج، بەڵکوو پەلامارێکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر سەروەریی وڵات و تێکدانی ئەو سەقامگیری و یەکڕیزییەی کە وڵاتەکە پێویستییەتی." واشنتن جەختی کردەوە کە بە تەواوی هەموو ئەو کردەوە تیرۆریستییە بێسەروبەر و ترسنۆکانە ڕەت دەکاتەوە کە ئێران و بریکارەکانی لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکانی دیکەی عێراقدا بڵاویان کردووەتەوە.