ئیسرائیل: لە چەند رۆژی داهاتوودا پیشەسازیی سەربازیی ئێران بە تەواوی پەک دەخەین

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند, تەنیا چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ تێکشکاندنی تەواوەتیی تواناکانی بەرهەمهێنانی چەک لە ناوخۆی ئێران; ئاشکرای کرد کە تا ئێستا 90%ی ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتەیان پەکخستووە و دووبارە بنیاتنانەوەیان کاتێکی ئێجگار زۆر دەخایەنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، ئیفی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان ئامانجیانە لە چەند رۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک هێرشی دیکە بۆ سەر هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران ئەنجام بدەن.

گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل گوتیشی: "ئەمە بەو مانایەیە کە ئێمە زۆربەی توانای بەرهەمهێنانی سەربازیی تارانمان لەناو بردووە. بێگومان دووبارە بنیاتنانەوەی ئەم ژێرخانە لەلایەن ئێرانەوە کاتێکی زۆر و ماندووبوونی گەورەی پێویست دەبێت."

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، سوپای وڵاتەکەی مەزەندە دەکات کە لە ماوەی چوار هەفتەی رابردووی جەنگدا، توانیویانە لێدانی کوشندە لە نزیکەی 90%ی دامەزراوە پیشەسازیی چەکی ئێران بدەن.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە دواین شەپۆلی بۆردوومانەکاندا لە شەوی هەینی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین ناوەندی ستراتیژییان پێکاوە، لەوانە بارەگای سەرەکیی "دەستەی پیشەسازییە دەریاییەکان" کە بەرپرسە لە پەرەپێدان و دروستکردنی کەشتییە جەنگییەکان و ژێردەریاییەکان.