واشنتن پۆست: پێنتاگۆن ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی لە ئێران دەکات

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکدا پەردەی لەسەر پلانە نوێیەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لادا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناو خاکی ئێران. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا ناردنی هێزی زەمینی رەت دەکاتەوە، بەڵام گەیشتنی هەزاران سەربازی بژاردە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆشدارییەکانی کۆشکی سپی بۆ بە دۆزەخ کردنی تاران.

بەپێی زانیارییەکانی واشنتن پۆست کە لە زاری چەندین بەرپرسی باڵای سەربازییەوە دەستی کەوتووە، پێنتاگۆن چەند هەفتەیەکە سەرقاڵی داڕشتنی پلانە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینیی سنووردار، کە تێیدا هێزە تایبەتەکان و یەکەکانی پیادە بەشدار دەبن. ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانە دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ و هێرشکردنە سەر ناوچە کەناراوەکانی نزیک گەرووی هورمزە، تاوەکوو ئەو چەکانە تێکبشکێنرێن کە کەشتییە بازرگانییەکان دەکەنە ئامانج.

کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە ئەگەر تاران کۆتایی بە هەڕەشەکانی نەهێنێت، سەرۆک ترەمپ ئامادەیە دۆزەخ لە ناو ئێراندا هەڵبگیرسێنێت. لێڤت گوتیشی: "ئەرکی پێنتاگۆنە هەموو بژاردەکان بخاتە بەردەم سەرۆک تاوەکوو بەهێزترین بڕیار بدات." ئەمە لە کاتێکدایە کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، جەخت دەکاتەوە کە ئەمریکا دەتوانێت بێ هێزی زەمینیش ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام بوونی سوپا دەستی ترەمپ لە دانوستانەکاندا واڵاتر دەکات.

لە ناوخۆی ئەمریکادا، ئەم ئەگەرە جۆرێک لە دابەشبوونی سیاسیی دروست کردووە. راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە 62%ی ئەمریکییەکان بە توندی دژی ناردنی هێزی زەمینین بۆ ئێران. لە کۆنگرێسیشدا، هەندێک لە کۆمارییەکان وەک لیندزی گراهام داوای داگیرکردنی دوورگەی خارگ دەکەن و بەراوردی دەکەن بە شەڕی ئیوۆ جیما لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، بەڵام پەرلەمانتارانی وەک نانسی مەیس و دێریک ڤان ئۆردێن بە توندی دژی ئەم هەنگاوە وەستاونەتەوە و بە مەترسییەکی گەورەی دەزانن.

لەسەر ئاستی مەیدانی، قوربانیانی جەنگەکە بۆ ئەمریکا تا ئێستا گەیشتووەتە 13 کوژراو و زیاتر لە 300 بریندار، کە زۆربەیان بەهۆی درۆنە خۆکوژەکانی ئێرانەوە تووشی پێکانی مێشک بوون. شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن کە هەرچەندە دەستبەسەرداگرتنی دوورگەیەکی وەک خارگ ئاسانە، بەڵام پاراستنی سەربازەکان لەو ناوچە بچووکەدا لەژێر بارانی مووشەک و تۆپخانەکانی سوپای پاسداران، کارێکی یەکجار قورس و پڕ قوربانی دەبێت. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر دۆناڵد ترەمپن تاوەکوو بزانرێت ئایا گڵۆپی سەوز بۆ ئەم پلانە مەترسیدارەی پێنتاگۆن هەڵدەکات یان نا.

هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" گەیشتووەتە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نزیکەی 3500 دەریاوان و سەربازی هێزی مارێنزی هەڵگرتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی هەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینرێت.