رۆیتەرز: ئاماری قوربانییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێنج هەزار کەسی تێپەڕاند

لەگەڵ تەواوبوونی یەکەم مانگی جەنگی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئامارە نوێیەکان پەردە لەسەر کارەساتێکی مرۆیی گەورە لا دەدەن. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە 28ی شوباتەوە تا ئێستا، هەزاران کەس لە ئێران، لوبنان، عێراق و وڵاتانی کەنداو کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن.

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاماری قوربانیانی جەنگەکەی بڵاو کردەوە. رێکخراوی "کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ" (HRANA) راگەیاندووە، تا رۆژی هەینی، لە ناوخۆی ئێران 3,461 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 1,551یان هاووڵاتی مەدەنین و 236 منداڵیان لە نێواندایە. هاوکات فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، لانی کەم 20,000 ئێرانی بریندار بوون.

لە بەرەی لوبنان، کە لە 2ی ئادارەوە بووەتە مەیدانی بۆردوومانە چڕەکان، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کوژرانی 1,189 کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە، کە 124یان منداڵن. لە عێراقیش، ئامارەکان گەیشتوونەتە 100 کوژراو، کە لە نێوانیاندا هاووڵاتی مەدەنی، سەرباز و چەکدارانی حەشدی شەعبی هەن.

لەسەر ئاستی ئیسرائیل، بەهۆی مووشەکبارانی ئێرانەوە 19 مەدەنی کوژراون و سوپای ئەو وڵاتەش گیانلەدەستدانی 4 سەربازی لە باشووری لوبنان راگەیاندووە. لە کەناری رۆژئاواش 4 ژنی فەلەستینی بە مووشەکی ئێران کوژراون.

زیانەکانی ئەمریکا و فەرەنسا:

سوپای ئەمریکا گیانلەدەستدانی 13 سەربازی راگەیاندووە شەشیان لە کەوتنی فڕۆکەیەک لە عێراق و 7یان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا. هەروەها 12 سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی ئێران بۆ سەر بنکەی شازادە سوڵتان لە سعوودیە بریندار بوون. فەرەنساش کوژرانی سەربازێکی و برینداربوونی 6ی دیکەی لە هێرشێکی درۆنی لە هەرێمی کوردستانی پشتڕاست کردەوە.

وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە:

جەنگەکە وڵاتانی تری ناوچەکەشی گرتووەتەوە و ئاماری کوژراوەکان بەم شێوەیەیە:

ئیمارات: 10 کوژراو 8 مەدەنی و 2 سەربازی.

قەتەر: 7 کوژراو بەهۆی تێکشکانی هەلیکۆپتەرێک 4 قەتەری، 1 تورک و 2 تەکنیکار.

کوێت: 6 کوژراو لە هێرشەکانی ئێراندا.

سووریا: 4 کوژراو لە شاری سوەیدا بە مووشەکی ئێران.

عومان: 3 کوژراو لە هێرشی درۆنی و مووشەکیدا.

سعوودیە: 2 کوژراو لە ناوچەی ئەلخەرج.

بەحرەین: 3 کوژراو (2 ئێرانی و بەڵێندەرێکی مەغریبیی سەر بە ئیمارات).

ئەم ئامارانە کە تا 28ی ئاداری 2026 کۆکراونەتەوە، نیشانەی فراوانبوونی مەترسیداری بازنەی ململانێکانن، لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاگربەست هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆتایی و ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری قوربانیی زیاتردایە.