ئەبو ئالا وەلائی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرکۆنە دەکات

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداریی گشتیی کەتائیبی "سەیدولشوهەدا"، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند؛ ئەمە کارێکی "ناپەسند و رەتکراوەیە لەگەڵ ئەدەبیاتی بەرگریی"دا یەکناگرێتەوە.

وەلائی سەرکردەیەکی دیاری ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە، لە بەیاننامەیەکدا نێچیرڤان بارزانی بە کەسایەتییەکی دیار و هاوسەنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا نێچیرڤان بارزانی بەهۆی ئەدەب و رەوشت بەرزییەکەیەوە سەرکەوتوو بووە لە بونیادنانی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ هەموو لایەنە جیاوازەکاندا.

هەروەها وەلائی رایگەیاند؛ هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم، دوای چەند رۆژێک لە رووداوێکی هاوشێوە کە ماڵی فالح فەیاد، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کردبووە ئامانج، رەفتارێکی تەواو رەتکراوەیە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەمینداری کەتائیبی سەیدولشوهەدا ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە ئەم هێرشە لە چوارچێوەی گوشار یان پەیامی دەرەکیدا بێت.