سوپای سووریا: لە عێراقەوە بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازییمان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، سوپای سووریا رایگەیاند؛ بنکەیەکی سەربازییان لە پارێزگای حەسەکە کەوتووەتە بەر هێرشی چەند درۆنێک کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون.

سوپای سووریا لە بەیاننامەیەکیدا بڵاوی کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "بنکەی قەسرەک لە رێگەی چوار درۆنەوە لە خاکی عێراقەوە هەڵدرابوون، کراوەتە ئامانج."

لە بەیاننامەکەدا سوپای سووریا حکوومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشکردنە سەر خاکەکەی و رایگەیاندووە: "حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە هەڵدانی ئەو درۆنانە بۆ سەر خاکمان."

بنکەی سەربازیی قەسرەک دەکەوێتە باکووری شاری حەسەکە و نزیکە لە رێگەی نێودەوڵەتی (M4) کە شاری لازقییەی سەر دەریای ناوەڕاست بە مەرزە سنوورییەکانی "یەعڕوبیە/ڕەبیعە" لەگەڵ عێراق دەبەستێتەوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە پێش چەند رۆژێک بنکەی "خەراب ئەلجیر" لە گوندی رومەیلان لە نزیک سنووری عێراق، لە ناوچەی ڕەبیعەی ناو خاکی عێراقەوە بە مووشەک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی سوپای سووریا لەو بنکەیە بریندار بوون.