سوپای ئیسرائیل کوژران و برینداربوونی حەوت سەربازی راگەیاند

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند؛ سەربازێکیان لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری لوبناندا کوژراوە و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، سەربازە کوژراوەکە ناوی (ئیدان ڕاز)ە و تەمەنی 22 ساڵە، خەڵکی شاری نیو هاڤنی ویلایەتی کۆنێتیکتی ئەمریکایە. سوپا ئاماژەی بەوە کردووە ئەو سەربازە سەر بە کەتیبەی 890ـی لیوای پەرەشوتەوانان بووە و رۆژی شەممە لە کاتی شەڕدا لە باشووری لوبنان گیانی لەدەستداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە هەمان ڕووداودا سێ سەربازی دیکە بە برینی مامناوەند بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. بەمەش ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵا لە 2ـی ئادارەوە کوژراون، گەیشتە پێنج سەرباز.

هەروەها سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، رۆژی هەینی و شەوی رابردوو لە دوو ڕووداوی جیاوازدا ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەر و سەربازەکانیان بریندار بوون؛ بە جۆرێک ئەفسەرێک بەهۆی مووشەکی دژە تانک و ئەفسەرێکی دیکەش لەگەڵ شەش سەرباز بەهۆی هێرشی مووشەکییەوە لە باشووری لوبنان بریندار بوون و باری تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە.