"ئارسێناڵ ئاماده‌یه ئه‌م یاریزانه له دۆزه‌خی بارسێلۆنا رزگار بكات"

یانه‌ی ئارسێناڵی له‌نده‌نی ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی گۆڵپارێزه به‌رازیلییه‌كه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ره‌و پرێمه‌رلیگ بگوازنه‌وه.
رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا له چاپی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ئاشكرای كردووه كه یانه‌ی ئارسێناڵ ده‌یه‌وێت نیتۆی گۆڵپارێزی به‌رازیلی ته‌مه‌ن 31 ساڵی یانه‌ی بارسێلۆنا بگوازێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: به‌رپرسانی بارسێلۆنا چاوه‌ڕوانی رۆناڵد كومانی راهێنه‌ری هۆڵه‌ندی یانه‌كه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر دۆخی ئه‌و گۆڵپارێزه ده‌رببڕێت.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، زه‌حمه‌ته كومان ده‌ستبه‌رداری ئه‌و گۆڵپارێزه بێت و چونكه پێشتر له لێدوانێكدا رایگه‌یاند بوو كه نیتۆ گۆڵپارێزێكی باشه و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام بێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئه‌و گۆڵپارێزه ئاشكرای كردووه كه به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌ی ئارسێناڵ (ئیدۆ) ئاماده‌یی یانه‌كه‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و گۆڵپارێزه ده‌ربڕیوه و ده‌یانه‌وێت له گواستنه‌وه‌ی زستانه به‌ره‌و باكووری له‌نده‌ن بیبه‌ن.
نیتۆ له هاوینی 2019 له یانه‌ی ڤالێنسیای ئیسپانیاوه به به‌های 26 ملیۆن یۆرۆ بۆ بارسێلۆنا گواسترایه‌وه و گرێبه‌سته‌كه‌شی له هاوینی 2023 كۆتایی دێت، پێشتر نیتۆ گۆڵپارێزی یانه‌كانی فیۆرێنتینا و یوڤێنتۆسیش بووه، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی هاتووه‌ته بارسێلۆنا ته‌نیا به‌شداریی له 14 یاری كردووه و 14 گۆڵیشی لێكراوه.
