مالیکی: بەئامانجگرتنی ماڵی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان قبووڵ نەکراوە
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە تووندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی ماڵی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئەو جۆرە کردەوانە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق تێکدەدەن.
یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "دەوڵەتی یاسا"، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، "ئەو پێشێلکارییانەی لە هەرێمی کوردستان روویان دا، لەگەڵ بەئامانجگرتنی ماڵی سەرکردەکانی هەرێم، بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، کارێکی رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم کردەوانە تەنیا کەسانی دیاریکراو ناکەنە ئامانج، بەڵکوو زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەگشتی دەگەیەنن و بەشدار دەبن لە لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی".
روونیشی کردەوە، "لەم کاتەدا لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە بەهێزکردنی گیانی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەیە لەنێوان رۆڵەکانی نیشتمان، هەروەها رەتکردنەوەی تووندوتیژی بە هەموو شێوەکانییەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەشی خستە روو، "پێویستە هەمووان لە یەک ریزدا بوەستن بۆ لەباربردنی هەوڵی ئەوانەی کار بۆ تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی ئاژاوە دەکەن لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا".
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرۆک بارزانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێرانەوە، "پێنج جار هێرش کراوەتە سەر بارەگای ئێمەش، بەڵام بێدەنگیمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت".
رۆژی شەممە، 28ـی ئاداری 2026، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک. ئەم رووداوە کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی دا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دەستنیشانکردنی تاوانباران.
هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە پەلامارێکی راستەوخۆ بۆ سەر سەروەری و سەقامگیریی عێراقی وەسف کرد. لە هەمان کاتدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سوپای وڵاتەکەش سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و رایانگەیاند، ئەم کارە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.