قالیباف: ئەمریکا پەیامی دانوستان دەنێرێت، بە نهێنیش پلانی هێرشی زەمینی دادەنێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی تووندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان چاوەڕێی هێرشی زەمینی دەکەن بۆ ئەوەی وەڵامێکی تووندیان بدەنەوە و هاوبەشە هەرێمییەکانیشیان سزا بدەن.

یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دوژمن بەنیازی هێرشی زەمینییە و بێئاگایە لەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران چاوەڕێی هاتنی ئەمریکییەکان دەکەن بۆ ئەوەی ئاگریان تێ بەربدەن".

قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان تەنیا بەرپەرچی هێرشەکان نادەنەوە، بەڵکوو هاوبەشە هەرێمییەکانی ئەمریکاش سزا دەدەن و بێدەنگ نابن بەرانبەریان.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونیشی کردەوە، بەتەواوی ئاگادارن دوژمن بە ئاشکرا پەیامی دانوستان دەنێرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بە نهێنی پیلانی هێرشی زەمینی دادەنێت و دەیەوێت فێڵ بکات.

لە ماوەی رابردوودا گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە لووتکە، بەتایبەتی دوای زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز. هێزەکانی ئەمریکا بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ژمارەیەک کەشتیی جەنگیی نوێیان رەوانەی ئاوەکانی کەنداو کردووە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی.

ئەم پەیامەی بەرپرسەکەی ئێران لە کاتێکدایە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان لێ نەکەوتووەتەوە.