گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا: ترەمپ و ناتانیاهۆ سەربازانی ئەمریکا دەکەنە خۆراکی نەهەنگەکان
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، سیاسیەتەکانی ترەمپ و ناتانیاهۆ، سەربازانی ئەمریکا دەکەنە خۆراکی نەهەنگەکانی ئاوی کەنداو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بوکەڵەی دەستی ناتانیاهۆیە، ئاماژەی بەوەشدا سیاسیەتەکانیان سەربازانی ئەمریکا دەکەنە خۆراکی نەهەنگەکان کەنداو.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرۆکی ئەمریکا کەسێکی ناهاوسەنگ و درۆزنە، زیانێکی زۆری بە خەڵکی ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا گەیاندووە"، دەشڵێت، "ترەمپ سەربازە ئەمریکییەکان دەکاتە خۆراک بۆ نەهەنگەکانی ئاوی کەنداو."
گوتەبێژەکەی بارەگای خاتەمولئەنبیای گوتیشی: "ترەمپ بەهۆی ئابڕووچوونەکانی دۆسیەی ئیپستین، بووەتە بوکەڵەیەکی دەستی ناتانیاهۆ و لەژێر فشاری مۆساد دا وڵاتەکەی دەخزێنێتە ناو جەنگی دژی ئێران."
ئیبراهیم زولفەقاری باسی لەوەشکرد، سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا پێویستە مێژووی ئێران بە باشی بخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن ئێرانییەکان چۆن بە درێژایی سەدەکان رووبەڕووی داگیرکەران بوونەتەوە، تاوەکوو سەربازەکانیان بەرەو مەرگ و دیلی نەبەن بۆ رازیکردنی سەرۆکەکەیان.
جەختیشیکردەوە، "هێزە چەکدارەکانی ئێران چاوەڕێی ئەو دەرفەتە دەکەن کە سوپاکەتان لەت بکەن."
ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی چەند هەفتەیی لە ئێران ئامادە دەکات.